پشتگیری زیندانیی
سه‌د هه‌زار دولار! ئه‌مه ڕاده‌ی ئه‌و زه‌مانه‌ت پاره‌یه بوو که هه‌ر کامه له ئێمه، پاش ئه‌وه له هه‌ڵمه‌تی پلاگبیلی له فلۆریدا ده‌سبه‌سه‌رکرابووین، ده‌بووا بیده‌ین بۆ ئه‌وه ئازاد بکراباین. له‌نه‌کاو باسی پاره هه‌ر له گۆڕێ‌دا نه‌ما. هه‌وڵی پۆلیس هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه بوو که ئێمه بترسێنن. کاتێک ده‌نگی پشتگیری نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئێمه به‌رز کرایه‌وه، ئه‌وه ئیتر ئه‌وان له پاتی وه‌رگرتنی پاره‌ی زه‌مانه‌ت ده‌یانه‌ویست به هه‌ر جۆرێک بووه له زووترین کاتدا هه‌موومان ئازاد بکه‌ن. بێجگه له پاتریک ئونیل Patrick O’Neill نه‌بێ.
له به‌ر ئه‌وه پێشتر پاتریک له ژێر به‌ڵێنی پۆلیسی دابوو و هه‌م دیسان له هه‌ڵمه‌تێکی دیکه‌دا به‌شداری کردبوو، ئه‌وه ئه‌وان ده‌یانه‌ویست ناوبرا هه‌تا دانی ده‌هه‌زار دولاری زه‌مانه‌تی له گرتووخانه‌دا ڕابگرن.

هه‌ر که ڕاده‌ی پاره‌ی زه‌مانه‌تی بۆ سه‌ر سیفر دابه‌زێندرا، نوێنه‌رانی مه‌حکه‌مه هاتنه سه‌ردانی من له گرتووخانه. ئه‌وان ده‌یانه‌ویست که من بنی کاغه‌زێکیان بۆ واژوو بکه‌م. له کاغه‌زه‌که‌شدا هاتبوو که من ئیتر کۆتایی به کێشه‌که‌ی خۆم له مه‌حکه‌مه‌دا بێنم. من له واژووکردنی خۆم بوارد. هۆیه‌که‌ش ئه‌وه بوو که پاتریک هێشتا ئازاد نه‌کرابوو. به‌شێک پێیانبوو که هه‌ڵوێستی من و مانه‌وه‌ی دڵخوازانه‌ی من له گرتووخانه کارێکی بێ بایه‌خ بوو. به‌ڵام هه‌ڵوێستی پشتگیری (له زیندان) من بۆ پاتریک ئاخره‌که‌ی ته‌وژمی ئه‌خلاقی خسته سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رانی زیندان و پاش مانگێک پاره‌ی زه‌مانه‌ت له سه‌ر پاتریکیش هه‌ڵگیرا و دواتر هه‌ردووکمان پێکه‌وه گرتووخانه‌مان به جێهێشت.
ئامانج له پشتگیری زیندانی ئه‌وه‌یه که هه‌موو گیراوه‌کان هاوکات و پێکه‌وه ئازاد بکرێن. زۆر جار پشتگیری زیندانی هه‌ر پاش گرتنی کۆمه‌ڵێک به‌کار ده‌برێ له به‌ر ئه‌وه شیانی مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که چه‌ند که‌سێک له گیراوه‌کان ڕابگیردرێن و له گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه هاوکات ئازاد نه‌کرێن. بۆ پشتگیری له‌و که‌سه یان که‌سانه که جارێک وا زوو ئازاد ناکرێن، هه‌موو گیراوه‌کانی دیکه له هاوکاریکردن خۆیان ده‌بوێرن هه‌تا ئه‌وه ئه‌وانی دیکه‌ش هه‌مان مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵ بکرێ و تێکڕا ئازاد بکرێن.

له ڕۆژێکی بارانی ئه‌کتۆبری ساڵی 1983دا چوارسه‌د که‌س که له هه‌ڵمه‌تێک له دژی مه‌قه‌ڕێکی نیزامی ئه‌مریکا به‌شداریان کردبوو، له شوێنێکی سه‌رئاوه‌ڵادا ده‌وره‌یان درا و ڕێگای به‌جێهێشتنی شوێنه‌که‌یان لێ به‌ربه‌ستکرا. به‌شێکی زۆر له به‌شداربووان له به‌ر ئه‌وه جلی ته‌نکیان له به‌ردابوو یان هه‌ر له هه‌وه‌ڵه‌وه نه‌خۆش بوون، خه‌رێک بوو له سه‌رما ڕه‌ق هه‌ڵێن. هه‌لوومه‌رجه‌که گه‌یشته جێگایه‌کی پڕمه‌ترسی. هێندێک که‌س ده‌ستیانکردبوو به ناردنی په‌یام له‌م قه‌وه‌ز بۆ ئه‌و قه‌وه‌ز. ئێمه پێویست بوو بڕیاری ئه‌وه بده‌ین که چ بکه‌ین. هه‌ر زوو بڕیارماندا که سه‌د که‌س له ئێمه هه‌تا کێشه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی پێویستیان به چوونه جێگای گه‌رم و سه‌رداپۆشراو هه‌بوو، چاره‌سه‌ر نه‌کرابا یان ئازاد نه‌کرابایه‌ن، ، ئه‌وه له شوێنی خۆمان ده‌ماینه‌وه‌و نه‌ده‌جوڵاین. به‌م شێوه‌یه ئه‌وان ناچار کران رێگه‌ی چوونه ژووره‌وه بۆ زۆربه‌مان ئاواڵه بکه‌ن. به‌ڵام هه‌ر زوو فه‌رمانده‌ی پۆلیسه‌کان هه‌ڵچوو و توڕه بوو. ئه‌و بڕیاری دا که پاشماوه‌ی ئێمه که له ده‌ره‌وه مابووینه‌وه به زۆر بمانبه‌نه ژووره‌وه. له ژووره‌وه هه‌ڵمه‌تی پشتگیری له یه‌کتری ده‌ستیپێکردبوو و ژماره‌یه‌ک مه‌رجی ئه‌وه‌یان دانابوو هه‌تا هه‌موو ئازاد نه‌کرێن ئه‌وه به‌شداری له پرس و جۆی پۆلیسدا ناکه‌ن.
هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌کی پره‌نسیپی ده‌کرێ له هه‌ڵمه‌تی پشتگیری زیندانیی له هێندێک هه‌لومه‌رجی تایبه‌تیدا که‌ڵک وه‌ربگیردرێ. له کاتی به‌کاربردنی زۆر و لێدان له لایه‌ن پۆلیسه‌وه زۆر خه‌باتگێڕ له جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی پۆلیس و هه‌روه‌ها به‌شداریکردن له پرسوجۆدا خۆ ده‌بوێرن.
دۆستێک له ئارژانتین به ناوی ئاماندا پێرالتا Amanda Peralta هه‌تا ئه‌و کاته‌ی نوێنه‌رانی ئه‌رته‌ش له پرس و جۆکه‌دا حازر بوون ملی به به‌شداریکردن له پرس وجۆدا نه‌دا. له به‌ر ئه‌وه پێشتر ئه‌رته‌شییه‌کان ئه‌ویان ئه‌شکه‌نجه دابوو. به‌م جۆره پۆلیس توڕه ببوو و ئه‌رته‌شییه‌کانی له هۆڵی پرس و جۆ وه‌ده‌ر نابوو.