
له‌م نووسینه‌دا ده‌مهه‌وێ له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه ئێلێکترۆنییه‌کان له ئێنتێرنێتی کوردی‌دا چه‌ند کورته تێبینییه‌ک له سه‌ر دیارده‌ی ناوچه‌گه‌ری بخه‌مه به‌ر سه‌رنج. پێش هه‌موو شتێک پێویسته ئه‌وه بڵێم که ئه‌و دیارده ناوچه‌گه‌رییه‌ی من لێره‌دا باسی ده‌که‌م، به‌ته‌واوه‌تی له گه‌ڵ دیارده‌ی ناوچه‌گه‌ری کوردی که له نێو هێزی سیاسی و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی کوردییدا، باوه، جیاوازه. من ئه‌م دیارده نوێیه، نه ته‌نیا وه‌ک شتێکی خراپی نابینم به‌ڵکوو ناوچه‌گه‌ری له ئینتێرنێتی کوردی‌دا وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی نوێ و پوزه‌تیف ده‌یبینم. بوونی ئه‌م ناوچه‌گه‌رییه به دژایه‌تی کردن و داڕه‌شاندانی ناوچه‌ی دیکه، نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵکو گرینگی‌دان به ناوچه وه‌ک پێویستییه‌کی ناوچه‌یی و پاشان هه‌رێمی ده‌بینرێ. له‌م دیارده ناوچه‌گه‌رییه‌دا خۆیی ده‌رکه‌وتن له ناوچه نه‌ک ته‌نیا به زیانی ناوچه‌ی دیکه نیه و له سه‌ر حسێبی ناوچه‌ی دیکه نیه به‌ڵکو ناوچه‌گه‌ره‌کان چ بیانهه‌وێ، یان نه‌یانهه‌وێ ئه‌وه له ڕێگای خزمه‌ت به ناوچه‌یه‌که‌وه، خزمه‌ت به ناوچه‌کانی دیکه یان هه‌موو کوردستان ده‌که‌ن.
دیارده‌ی ناوچه‌گه‌ری نوێ چ له بواری ئاخاوتن و نووسین به زاراوه‌ی ناوچه‌یی یان نووسین له سه‌ر مێژوو، جوغرافیا و هه‌لوومه‌رجی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی شار و گونده‌کانی کوردستان له ماڵپه‌ڕه تایبه‌تییه ناوچه‌ییه‌کاندا له خۆیدا کۆمه‌ک و پاڵپشتێک ده‌بێ بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمانی کوردی و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه بایه‌خپێدان و به‌رفره‌تر کردنی دۆزی سیاسی کوردی. هه‌ر له گۆشه نیگایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ئه‌م ناناوه‌ندی بیرکردنه‌وه‌و و گرینگی‌دان به ناوچه له خۆیدا دیارده‌یه‌کی دیمۆکراتیکه‌و به پێچه‌وانه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی باوی ناوچه‌گه‌ری کوردی وه‌ک کرمانجی و سۆرانی (کوردستان)، سلێمانیی و هه‌ولێریی (باشووری کوردستان) و ناوه‌ندی و جنووبی (ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان) له ده‌مارگرژی ناوچه‌یی و پاوانخوازیی ناوچه‌یه‌ک یان دیالکتێکی سه‌رده‌ست به دووه‌ره و یه‌کێک له ئاکامه سه‌ره‌تاییه‌کانیشی ئه‌وه ده‌بێ که ورده ورده کولتووری دیمۆکراتییانه له نێو کورددا یان لانیکه‌م له ئینتێرنێتی کوردی‌دا په‌ره‌ی پێ ده‌درێ.
کاتێک کۆمه‌ڵناسه‌کان کۆمه‌ڵگای پێشوویان به "کۆمه‌ڵگای پێشه‌سازی" ناوده‌برد و کۆمه‌ڵگای ئیمڕۆ به "کۆمه‌ڵگای ڕاگه‌یاندن" پێناسه ده‌که‌ن، بێ گومان هۆیه‌که‌ی ته‌نیا به‌ئاگا بوون له شۆڕشی گه‌وره‌ی زانیاری و ڕاگه‌یاندنه، شۆڕشێکی که‌لتووری که به هۆی ئینتێرنێته‌وه خه‌ریکه بگاته هه‌موو کون و قوژبێکی هه‌تا دوێنێ نه‌ناسراوی جیهان.
ڕه‌وتی به‌جیهانیبوون له بواری میدیا و په‌ره‌گرتنی له ڕاده‌به‌ده‌ری ئینته‌رنێت زۆر جێگای به‌تاڵ و که‌لێنی گه‌وره‌ی له جیهانی میدیا و ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا پڕ کردۆته‌وه. لێره‌دا مه‌به‌ست، ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌ی ئێلێکترۆنی کوردییه که ئیمڕۆ به سه‌دان و ئه‌گه‌ر ماڵپه‌ڕه که‌سییه‌کانیش له به‌رچاو بگرین به هه‌زارانی که‌وتۆته سه‌ر شاشه‌ی که‌مپیۆتره‌کان. له پاش ته‌له‌فزیۆنه مانگیله کوردییه‌کان، ئینتێرنێت و ڕۆژنامه‌ی ئێلێکترۆنییه‌کان ڕۆڵێکی هه‌ره مه‌زن له گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان و هه‌روه‌ها ڕۆشنگه‌ری خه‌ڵکدا ده‌گێڕن.
تیۆری به‌جیهانیبوون به تایبه‌تی له بواری به‌جیهانیبوونی میدیادا له خۆیدا له چه‌مکی گلۆکالیزاسیۆندا به شێوه‌یه‌کی چڕ باس له مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌گه‌ری ده‌کا. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی هه‌م وه‌ک پاڵپشتێکی تیۆری بۆ باسه‌که و هه‌میش له به‌ر ئه‌وه‌ی باشتر ده‌ربکه‌وێ که تابووی ناوچه‌گه‌ری وه‌ک هه‌تا ئێستا له کوردستاندا باو بووه، له جێی خۆیدا نیه، ئاورێک له چه‌مکه‌کانی لۆکالیته و گلۆکالیزاسیۆن بدرێته‌وه.
لۆکالیته یان ناوچه‌گه‌ری یانێ گرینگی‌دان به ناوچه‌یه‌کی تایبه‌ت یان بیرکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ییانه سه‌باره‌ت به هه‌موو کێشه‌یه‌ک ئیتر سیاسی، فه‌رهه‌نگی ،کۆمه‌ڵایه‌تی، و ... بێ. به‌ڵام له سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا و به‌تایبه‌تی له گلۆکالیزاسیۆندا لۆکالیته یان ناوچه‌گه‌ری به‌ستراو که پێوه‌ندی له گه‌ڵ جیهانی ده‌روه‌وه‌ی خۆی نیه و قه‌تیس ماوه، بوونی نیه و هه‌موو کێشه ناوچه‌ییه‌ک یان هه‌وڵدان بۆ بووژاندنه‌وه‌ی ناوچه ته‌نیا له کۆنتێکستێکی به‌رفره‌و جیهانیدا ده‌توانێ مانا بدا. چوونکه به‌جیهانیبوون و سه‌رده‌می نوێش ڕاست به‌و مانایه‌یه که هه‌موو کێشه‌کان له پله‌ی هه‌ره خواره‌وه وه‌ک سوبلۆکال (له ناوچه چکۆڵه‌تر)، لۆکال (ناوچه)، رێجیناڵ (هه‌رێمی) هه‌تا پله‌ی هه‌ره سه‌ره‌وه گلۆباڵ (جیهانی) بگره هه‌ر کامه له حاستی خۆیه‌وه تێکه‌هه‌ڵکێشی ئه‌وی دیکه بووه. هه‌ر بۆیه بۆ تێگه‌یشتن له کێشه‌یه‌ک بۆ نموونه کێشه‌یه‌کی ناوچه‌یی ناچارین ئه‌و کێشه‌یه ته‌نیا له پێوه‌ندی خۆیدا نه‌بینن به‌ڵکوو ئه‌و کێشه‌یه له گۆشه‌نیگای جیاوازی جیهانی، هه‌رێمی، ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت گوندی (سوبلۆکاڵ) ببینین. کۆمه‌ڵناسێکی وه‌ک ئولریش بێک له‌و بڕوایه‌دایه که به‌جیهانیبوون له خۆیدا نه به‌مانای ئه‌وه‌یه، ناوچه له ڕاده به‌ده‌ر به‌هێز (رێلۆکالیته) ده‌بێ، نه به مانای ئه‌وه‌شه که که به ته‌واوه‌تی ناوچه‌یی بیرکردنه‌وه (دێلۆکالیته) نامێنێ. ناوچه‌یی بیردکردنه‌وه یان لۆکالیته‌یه‌ک که له به‌جیهانیبووندا باس ده‌کرێ و له گه‌ڵ پرۆسێسی به‌جیهانیبووندا ده‌توانێ بگونجێ و مانا بدا ئه‌وه‌یه که له خۆیدا ده‌بێ ته‌نیا خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی لۆکاڵ یان ناوچه‌یی نه‌بێ به‌ڵکوو له هه‌مانکاتدا لۆکاڵه تایبه‌تمه‌ندی جیهانیشی هه‌یه، یانێ گلۆکالیزێره‌یه.
گلۆکالیزاسیۆن چه‌مکێکه که له باسی به‌جیهانیبووندا زۆر وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ و مانای ئه‌وه ده‌دا که به‌جیهانیبوون و به‌ناوچه‌ییبوون له یه‌ک پرۆسێس و کاتدا تێکه‌ڵ به یه‌کتری ده‌بن. ئه‌م چه‌مکه به هۆی سۆسیۆلۆژی هێندی- ئه‌مریکایی ئاپارادووری Apparadurei له پێوه‌ندی له گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه‌کانی له سه‌ر چۆنیه‌تی ژیانی هیندییه‌کانی دانیشتووی ئامریکا و شێوه‌ی که‌ڵکوه‌رگرتینیان له سیمبۆله ناوچه‌ییه‌کان له میدیادا به چڕ و پان و به‌رینی هێنایه نێو باسه‌کانی به‌جیهانیبوون. مه‌به‌ست له گلۆکالیزاسیۆن ئه‌وه‌یه که دیارده جیاوازه جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان پێکه‌وه‌و له کات و پرۆسێسێکی وه‌کیه‌کدا تێکه‌ڵ به یه‌کتری ده‌بن و له هه‌مانکاتدا ناوچه هه‌وییه‌تی خۆی ده‌پارێزێ به‌ڵام جیهان به‌ره‌و تاک که‌لتووری یان که‌لتووری وه‌کیه‌کی ناچێ و مۆزایکی که‌لتووری جیهان ته‌نانه‌ت له پرۆسێسی به‌جیهانیبووندا نه‌ک ته‌نیا ده‌پارێزرێ بگره به‌هێزیش ده‌بێ. هه‌وییه‌تێکی ناوچه‌یی که تایبه‌تمه‌ندی جیهانی هه‌یه، به هێز ده‌بێ.
من له نووسینه‌کانی دیکه‌مدا (1) له سه‌ر گونجاندنی تیۆری گلۆکالیزاسیۆن له سه‌ر ئیتنیسیته‌ی کوردی باسی ئه‌وه‌م کردبوو که ئه‌م جۆری بیرکرنه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژیانه له سه‌ر ناوچه‌ییبوون و هه‌روه‌ها به تایبه‌تی تیۆری گلۆکالیزاسیۆن ده‌کرێ له گه‌ڵ درووست‌کردنی هه‌وییه‌تی کوردی و به‌تایبه‌تی به هێزبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی کوردی له پرۆسێسی به‌جیهانیبووندا له میدیای کوردی‌دا بگونجێ. چونکه درووست‌کردنی هه‌وییه‌تی کوردی بۆ خۆی له سه‌رده‌می ئێستادا دوو لایه‌نی گلۆباڵ و ناوچه‌یی هه‌یه. ناوچه‌ییه به‌ومانایه که سیگناله میدیایه‌کان به مه‌به‌ستی درووست‌کردنی هه‌وییه‌تی کوردی ده‌نێردرێن که له خۆیدا هه‌وییه‌تی کوردی له پێوه‌ندی جیهانییدا ناوچه‌ییه و ته‌نیا پێوه‌ندی به ناوچه‌یه‌کی چکۆڵه له جیهانه‌وه هه‌یه که ته‌نانه‌ت ئه‌م ناوچه‌یه‌ش به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی بوونی نیه یانێ له سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی بوونی یاسایی نیه. که‌وایه هه‌وییه‌تی کوردی هه‌وییه‌تی ناوچه‌ییه. به‌ڵام ئه‌و ئامراز‌و که‌ره‌ستانه‌ی که له درووست‌کردنی ئه‌م هه‌وییه‌ته ناوچه‌ییه‌دا به‌کار ده‌برێن وه‌ک ته‌له‌ڤزیۆنه مانگیله‌ییه‌کان و ئینتێرنێت له خۆیدا تایبه‌تمه‌ندی جیهانیان هه‌یه و پێوه‌ندیان به ناوچه‌ییه‌کی دیاریکراوه‌وه نیه و سیگناڵه میدیاییه‌کان به هۆی ئه‌م ئامرازانه‌وه له هه‌موو به‌شه جیاوازه‌کانی جیهاندا بڵاو ده‌بنه‌وه.
مه‌به‌ستی من له گونجاندی تیۆوری گلۆکالیزاسیۆن له سه‌ر درووست‌کردنی هه‌وییه‌تی کوردی له پێوه‌ندی گه‌ڵ به‌جیهانیبووندا ئه‌وه‌یه که هه‌وییه‌تی کوردی که هه‌وییه‌تێکی ناوچه‌ییه له سه‌رده‌می به‌جیهابیبوون و به هۆی پێشکه‌وتووترین ئامرازی ڕاگه‌یاندن وه‌ک ته‌له‌ڤزیۆنی مانگیله و ئینتێرنێتدا له جاران زیاتر به‌رچاوتره. یانێ هه‌وییه‌تێکی ناوچه‌یی تێکه‌ڵکێشێ پرۆسێسی به‌جیهانیبون بووه یان ئه‌وه که هه‌وییه‌تی کوردی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌وییه‌تی گلۆکالیزاسیۆنی هه‌یه.
ئێمه ده‌توانین ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی هه‌ویه‌تی گلۆکالیزاسیۆنه له پله‌یه‌کی خواره‌وه‌تر یانێ له ئاستی زاراوه‌و ناوچه‌کانی کوردستانیشدا به ڕوونی ببینین. کرانه‌وه‌و وه‌گڕکه‌وتنی سه‌دان و بگره هه‌زاران ماڵپه‌ڕی بچووکی گرووپی یان که‌سیی کوردی تایبه‌ت به زاراوه بچووکه‌کانی کوردی، ناوچه‌و شاره‌کانی کوردستان و ته‌نانه‌ت گونده‌کانی کوردستانیش نموونه‌ی په‌ره‌گرتنی دیارده‌ی ناوچه‌گه‌ری له ئینتێرنێتی کوردیدان. من لێره‌دا ته‌نیا دوو نموونه‌یه‌کی بچووک له‌م دیارده‌ی ناوچه‌گه‌رییه له ئینتێرنێتی کوردی‌دا به نموونه دێنمه‌وه:
- زاراوه‌ی هه‌ورامی
زاراوه‌ی هه‌ورامی هه‌تا نیو سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، زمانی سه‌رده‌ستی نووسینی شێعری کوردی نه ته‌نیا له ناوچه‌کانی هه‌ورامان به‌ڵکوو له به‌شێکی زۆر خاکی باشووری ڕۆژه‌هه‌ڵاتی کوردستان بوو. دیالێکتی هه‌ورامی لانیکه‌م مێژوویه‌کی چه‌ند سه‌د ساڵه‌ی هێژمۆنی له زمانی شێعر و ئه‌ده‌بیاتی کوردی له ناوچه‌کانی خوارووی کوردستاندا هه‌بووه. به سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌گرتنی نووسین به کرمانجی خواروو له ناوچه‌کانی خوارووی کوردستان و به‌تایبه‌تی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی کوردی، ورده ورده زاراوه‌ی هه‌ورامی که‌وته قه‌راخه‌وه و ته‌نانه‌ت ئاخێوه‌رانی دیالێکتی هه‌ورامیش بۆ خۆشیان له زاراوه‌ی هه‌ورامی که‌ڵکیان وه‌رنه‌ده‌گرت. به سه‌رهه‌ڵدانی ئینتێرنێت و له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، خه‌ریکه جارێکی تر زاراوه‌ی هه‌ورامی گیانێکی نوێی وه‌به‌ربخرێ.
ئیمڕۆ بێجگه له‌وه چه‌ند ماڵپه‌ر به ناوی هه‌ورامان هه‌یه یه‌کێک یان دوو له‌و ماڵپه‌ڕانه به ته‌واوه‌تی به زاراوه‌ی هه‌ورامی ده‌رده‌چن. زاراوه‌ی هه‌ورامی نه ته‌نیا له باسه ئاساییه‌کاندا به‌کار ده‌برێ ته‌نانه‌ت نووسین و تێکستی قووڵی سیاسیشی پێ بڵاوده‌کرێته‌وه (وه‌ک وه‌بیرهێنانه‌وه پێویسته بگوترێ که پێشتر بێجگه له شێعر، زۆر به که‌می تێکست و نووسینی نه‌سر به هه‌ورامی بڵاوکراوه‌ته‌وه). وه‌ک نموونه ده‌کرێ لێره‌دا ئاماژه به وه‌رگێڕانی کتێبێک له سه‌ر فیدرالیزم (2) له زمانی سویدییه‌وه بکرێ که وه‌رگێردراوه‌ته سه‌ر هه‌ورامی و له ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان www.hawraman.com دانراوه. وه‌رگێڕانی کتێبێکی له‌و بابه‌ته بۆ سه‌ر هه‌ورامی که له خۆیدا نووسینێکی ئاکادیمی سویدییه نیشان ده‌دا که چ گرینگییه‌ک به ناوچه یان زاراوه‌یه‌کی ناوچه‌ی دراوه. لێره‌دا ده‌توانین ئه‌و ئاکامه وه‌ربگرین که به هۆی ئینتێرنێته‌وه، زاراوه‌یه‌کی کوردی که مه‌ترسی مرانی له نووسیندا هه‌تا دوێنێ وه‌به‌ر نرا بوو، ئیمڕۆ ئه‌و شانسه‌ی دراوه‌تێ که جارێکی تر بگه‌ڕێته‌وه. ئه‌مه‌ش له خۆیدا یانێ فره ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوونی زاراوه‌ی هه‌ورامی و له ئاکامیشدا زمانی کوردیش به گشتی.
- شاری کرماشان و وێبڵاگ و ماڵپه‌ڕه‌کانی
ئیمڕۆ که‌م شاری کوردستان هه‌یه که له ئینتێرنێتدا ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی بۆ چێ نه‌کرابێ. هه‌ر له لیستی لینکی ماڵپه‌ڕه‌کانی ماڵپه‌ڕی "دیمانه"دا ده‌توانرێ ده‌یان ماڵپه‌ڕی شار ببیندرێته‌وه. به چاوخشاندنێک به‌و ماڵپه‌ڕانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قورسایی کار خراوه‌ته سه‌ر نووسینی پێوه‌ندیدار به شاره‌کانه‌وه و شاره‌کانن که له ناوه‌ندی باسه‌کانی نێو ماڵپه‌ڕه‌که‌دان، به‌ڵام شاره‌کانیش وه‌ک شاره‌کانی کوردستان یان به‌شێک له خاکی گشتی کوردستان سه‌ره‌نجیان دراوه‌تێ. له ڕاستیدا ده‌کرێ بگوترێ که له ڕێگای شارێکه‌وه یان ناوچه‌یه‌که‌وه، هه‌موو کوردستان ناسێندراوه. ئه‌مه له خۆیدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه مێژوو و هه‌لومه‌رجی ئێستایی شاره‌کان له جاران باشتر بناسرێن.
بۆ نموونه بێجگه له 77 ماڵپه‌ڕی فه‌رمی و نافه‌رمی که بۆ کرماشان داندراوه ته‌نیا له لیستی وێبڵاگه‌کانی کرماشان‌دا زیاتر له 138 (ڕۆژێک دوای نووسینی ئه‌م نووسینه ژماره‌ی وێبڵاگه‌کان بوون به 140 و ڕه‌نگه ئێستاش له‌و ژماره‌یه زیاتر تێپه‌ڕی بووبێ) وێبڵاگ به کوردی و فارسی به هۆی کرماشانییه‌کانه‌وه که‌وتوونه‌ته سه‌ر تۆڕی ئینتێرنێت. وێبلاگه‌کان هه‌مه‌چه‌شنه‌ن و هه‌ر وێببڵاگێک بیروبۆچوون و تێڕوانینێکی جیاواز بڵاو ده‌کاته‌وه وه‌ک وێبڵاگی فه‌رهه‌نگی، ئیتنیکی، سیاسی، کوردایه‌تیی و هی دیکه. ئه‌م وێبڵاگانه له خۆیاندا بێجگه له‌وه هه‌وییه‌تێکی ناوچه‌ییان هه‌یه و نیشانه‌ی گرینگی‌دان به ناوچه‌یه‌کی تایبه‌تیان پێوه دیاره له هه‌مانکاتیشدا کوردستانین و ناوچه نه‌ک وه‌ک ته‌نیا ناوچه به‌ڵکوو ناوچه له کۆنتێکستێکی به‌رفره‌ی کوردستانی‌دا له‌م وێبڵاگانه‌دا خۆ ده‌نوێنێ. جۆراوجۆری ئه‌م وێبڵاگانه له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌کرێ بگوترێ که ده‌بنه هۆی بڵاوبوونه‌وه‌و جێگربوونی خۆبه‌خۆی جۆرێک دیمۆکراسی له ئینتێرنێتی کوردی‌دا. بۆچی دیمۆکراسی؟ چوونکه ماڵپه‌ڕ و وێبڵاگه جۆراوجۆره‌کان، خوێنه‌ره‌کان به تێگه‌یشتنی جیاوازی سیاسی و سه‌لیقه‌ی جۆراوجۆره‌وه بۆ لای خۆیان ڕاده‌کێشن.
په‌راوێز:
1: نامه‌ی به‌کالیۆرۆسی نووسه‌ر له سۆسیۆلۆژی
Kurdiskt identitetsskapande i en kontext av globalisering
En studie av den kurdiska satellittelevisionens inverkan på kurdisk identitetsbildning
2:
ناوی کتێب: Federalism
نووسه‌ر: Petersson Olof ، پرۆفیسۆر له زانستی سیاسی و په‌رپرسی لێکۆلینه‌وه له ناوه‌ندی SNS سویدی
ساڵی چاپ: 2004
سه‌رچاوه‌کان:
Beck, Ulrich (1998), Vad innebär globaliseringen? :Missuppfattningar och möjliga politiska svar. Daidalos AB, Göteborg
http://www.hawraman.com/
http://www.kermanshahweb.com/4/req/View_site.asp
http://www.kermanshahweb.com/4/req/View_site.asp