داوای لێبووردن له کێ و بۆچی؟
به ناوی ئازادی!
مانای وردی تاوانی سیاسی و به‌و پێیه‌ش زیندانی سیاسی له هیچکامه به‌ڵگه‌ی ماف و جه‌زای کۆماری ئیسلامی‌دا دیاری نه‌کراوه، هه‌تا هه‌رچه‌شنه تۆمه‌تێکی ناڕه‌وا وه پاڵ که‌سێک بدرێ که به پێی هه‌موو پێوانگه‌لی ماف له جیهاندا وه‌ک به‌ندی سیاسی حسێبی له سه‌ر ده‌کرێ، له بنه‌ڕه‌تدا له شوێنێکدا که که‌سانێک خۆیان له سه‌ره‌وه‌ی یاسا داده‌نێن، به بێ خوێندنی ئاکادێمی ماف یان سیاسه‌ت، خۆیان وه‌ک باشترین و که‌م وێنه‌ترین سیاسه‌تمه‌دار و زانای زانستی سزا ده‌زانن و هه‌ڵسووکه‌وتی سیاسی خۆیانیش وه‌ک تاقه ئه‌لته‌رناتیڤی سیاسی له سه‌رده‌می غه‌یبه‌تی ئیمامی زه‌مان ده‌زانن و هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران به لایه‌نگری بێ ئه‌م لاوئه‌ولاو و ده‌روێشی سیاسه‌ته‌کانی خۆیان ده‌زانن و له ئاکامدا هێچ چه‌شنه ڕێباز و شێوازیکی دیکه‌ی سیاسی بێجگه له خۆیان په‌سه‌ند ناکه‌ن و بێچگه له‌وه ئه‌و مافه به هه‌موو خه‌ڵكی دیکه‌ی ئێران ڕه‌وا نابینن. که‌وابوو جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نیه که ئه‌م تاقمه به خه‌یاڵی ئاسووده‌وه هیچ که‌سێکی دیکه بێجگه له خۆیان به خاوه‌ن ڕا له کارووباری سیاسی وڵات‌دا نه‌زانن، مه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بێ که که‌سانێک درۆزنانه و ریاکارانه به شان و باڵای ئه‌واندا هه‌ڵبڵێن و پشتگیری ئاشکرا و هیستیریکی له سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م تاقمه مایه‌پووچ و ڕه‌سوایه ده‌رنه‌بڕن.
تێکۆشانی سیاسی به مانای ڕاستی وشه و جێکه‌وتووی به‌رهه‌ڵستکارییش له لایه‌ن ئه‌م ده‌سته‌و تاقمانه‌وه ته‌نیا بۆ که‌سانیك که له ئیسلامی سیاسی، ته‌واوی لایه‌نه مرۆڤسازه‌کان، جوان و ڕۆحانی له گه‌ڵ یاسا قایم و پێشکه‌وتووه‌کان له پێناوی بناغه‌دانانی کۆمه‌ڵگه‌ی ساق و تێکه‌ڵ به هه‌سته ئینسانییه‌کان به جارێک به لاوه ده‌نێن و به پێی قسه‌ی خۆیان به بیرۆکه‌ی سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام ته‌نیا "الجنه تحت ظلال السیوف" و "النصر بالرعب" فێر بوون، که‌وایه جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نیه که له سیسته‌م و نیزامی بیرومافی ئه‌م تاقمه. بێژه‌ی وه‌ک چالاکی سیاسی، تاوانی سیاسی، تۆمه‌تی سیاسی و زیندانی سیاسی نه‌نووسراوه‌و نیه.
به کورتی بیبڕمه‌وه، من فه‌رزادی که‌مانگه‌ر وه‌ک هاووڵاتییه‌کی ئێرانی که هه‌موو مافێکی مه‌شرووع و هاوولاتییه‌تیم له یاسای ئێران و جیهاندا، پارێزراوه، به ناوی که‌سێک که هه‌مان وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و بارهێنان ئیزنی مامۆستایی و په‌روه‌رده‌و بارهێنانی به منداڵانی ئه‌م ئاووخاکه به من داوه، ئێستا به پێی مافه ئاساییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، به پێی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ و به پێی تاریفه‌کانی بیردۆزه په‌سه‌نکراوه‌کانی سیاسی جیهان، خۆم وه‌ک خاوه‌نی هه‌موو کریتێرییه‌کانی زیندانییه‌کی سیاسی ده‌زانم له کاتێکدا، له ڕووداوێکی به‌د، له کاتێکی به‌د و له شوێنێکی به‌دا، له سه‌رده‌مێکدا تاریفی ساکار له تاوانی سیاسی له ژێر ده‌مامکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی وه‌ک شه‌ڕ له گه‌ڵ خودا، ئه‌فساد فی الارض، هه‌ڵسووڕان له دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به شێوه‌ی داخراوترین بیر و نادیمۆکراترین شێوازدا ده‌کرێ، گرفتار هاتووم، من سه‌رنجی خوێنه‌رانی ئه‌م نامه‌یه بۆ ئه‌م خاڵانه ڕاده‌کێشم هه‌تا ره‌وره‌وه‌ی دادوه‌رانه له په‌روه‌نده‌که‌ی مندا له ده‌زگای دادی ئێستای ئێرانی‌دا ڕوون بکرێته‌وه:
1/ من له ڕێکه‌وتی 27ی گه‌ڵاوێژی ساڵی 85دا له تاران به هۆی چالاکی سیاسی ئیزن پێنه‌دراو گیرام، سه‌ره‌ڕای مافی هه‌بوونی پارێزه‌ر به پێی یاسا، 16 مانگی ته‌واو پارێزه‌رم نه‌بوو، یانێ پاش تێپه‌ڕکردنی 16 مانگ له دژوارترین جۆره‌کانی ئه‌شکه‌نجه له ژێر ناوی لێپرسینه‌وه‌دا که به پێی یاسا، دژایه‌تییه‌کی ئاشکرای مافی هاوولاتییه‌تی بووه‌و من پێشتر له نامه‌یه‌کدا به ناوی "ڕه‌نجنامه" ئاماژه‌م پێکردووه له مافی هه‌بوونی پارێزه‌ر بێبه‌ری بووم. ئه‌ڵبه‌ته پێویستی به وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که له شاری کرماشان، دادگای شۆڕشی ئه‌و کات، به بێ له‌به‌رچاوگرتنی بنه‌مای ته‌فهیم فه‌رمانی به کاربه‌ده‌ستانی قوه‌ی قه‌زاییه‌دا که ئه‌شکه‌نجه‌کان و گوشاره‌کانیان له سه‌ر من هه‌تا ئه‌وه من پێ له تاوانه‌کان ده‌نێم، فره‌تر و به‌رده‌وام بکه‌ن، له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر لێپرسره‌وه‌ی لقی 14ی ئاسایشی تاران داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی منی بۆ تاران نه‌کردبا، به بێ شک ئێستا زیندوو نه‌بووم، ته‌نانه‌ت کاریان به شوێنێک گه‌یاند له کاتێکدا نه تاوانێکم له سه‌ر سه‌لمێندرابوو، نه کۆبوونه‌وه‌یه‌کی دادگا به‌ڕێوه چووه و نه پارێزه‌رێکم هه‌بوو، هه‌ر له سه‌ره‌تای لێپرسینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کاندا که ئه‌وان بۆ خۆیان ناوی لێپرسینه‌وه‌ی فه‌نییان له سه‌ر ناوه، تاوانباریان ده‌کردم و به تێڕادیتووی و به ئه‌و په‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه، باسی حوکمی ئێعدامی منیان ده‌کرد.
2/ له ماوه‌ی قۆناغی 16 مانگه‌دا و له فابریکای سه‌رله‌نوێ سازکردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتدا و دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له کرماشانه‌وه بۆ تاران تۆمه‌ته پێشووه‌کانی من وه‌ک ئه‌ندامه‌تی له په‌ژاک، ڕاگوێزرانی مه‌وادی ته‌قینه‌وه، هه‌وڵدان بۆ بۆمبدانانه‌و ته‌نانه‌ت بۆمبدانانه‌وه له کارنامه‌ی کرده‌وه‌کانی مندا سڕدرایه‌وه‌و تۆمه‌تی وه‌ک ئه‌ندامه‌تی له پارتی کرێکارانی کوردستان له په‌روه‌نده‌ی مندا نووسرا، ئه‌ڵبه‌ت هه‌ر وه‌ک عاده‌تی پێشوویان به بێ ئه‌وه هیچ سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌یه‌کیان هه‌بێ، ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌ی درۆینه‌وه و درووستکراویشیان پێ نه‌بوو که بیخه‌نه ڕوو.3/ هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا که نازانم بۆچی و چۆن لقی 30 دادگای شۆرشی تاران نه‌بوونی سه‌لاحییه‌تی خۆی له سه‌ر په‌روه‌نده‌که‌ی من ڕاگه‌یاند و جارێکی دیکه منیان گه‌ڕانده‌وه دادگای شۆڕشی سنه.
4/ دوو مانگ له تاک سلوولی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سنه له کاتێکدا ترسانکترین ئه‌شکه‌نجه ده‌کرام، ڕوون نه‌بوو که پانتایی ئه‌م گوشار و ئه‌شکه‌نه‌جه هه‌ره تووشانه له به‌ر چی و بۆ کامه مه‌به‌ست له سه‌ر من ئه‌نجام ده‌درێ؟ بۆچی چوونکه له‌و ماوه‌یه‌دا نه تۆمه‌تێکی نوێم خرابووه پاڵ و نه ته‌نانه‌ت تاقه جارێکیش پرسیارێکی نوێ له من کرا و سه‌رئه‌نجام داستانی لقی 30 دادگای شۆرشی تاران له سنه‌ش دووپات کرایه‌وه و دادگای شۆرشی سنه نه‌بوونی سه‌لاحییه‌تی خۆی له سه‌ر په‌روه‌نده‌که‌ی من ڕاگه‌یاند و جارێکی دیکه من گه‌ڕێندرامه‌وه تاران بۆ داستانی لقی 30 دادگای شۆرشی تاران. گۆیا جه‌نابانی کاربه‌ده‌ستی قوی قه‌زاییه ده‌یانه‌ویست من له هه‌ر سێ پارێزگاکانی تاران، کرماشان و سنه، تامی ئه‌شکه‌نجه جۆراوجۆره‌کانییان بکه‌م و له ڕاستیدا به من بڵێن تۆ بۆ هه‌ر کوێ به‌رین "ئاسمانی تۆ هه‌ر هه‌مان ڕه‌نگی هه‌یه".
- و له ئه‌نجام دا ئه‌گه‌یین به لوتکه‌ی شاهکاری ئه‌م سێناریۆ ئه‌منیه‌تی-قه‌زاییه، ئه‌ویش خۆلی پێکهێنانی دادگایه. له خۆلی پێهاتنی کۆبوونه‌وه‌ی دادره‌سی و پاشان سه‌پاندنی سزا، هه‌ڵبه‌ت خوێنه‌ر تێبگات که ده‌زگای قه‌زایی له هه‌ژده‌هه‌مین مانگ پاش گیران به‌م ئامانجه گه‌یشتن که له ده‌س دانی کات ئیدی به‌سه و ئه‌م په‌روه‌نده‌یه ئه‌بێ به زووترین کات خه‌تم به خه‌یر بکریێت و ئه‌م نییه‌ته خه‌یرخوازانه ته‌نانه‌ت چوو بۆ دادگاش و من له که‌متر له 7 خوله‌ک(به‌ڵێ دروست ئه‌خوێننه‌وه، ته‌نیا 7 خوله‌ک) که 3 خوله‌کی بۆ خوێندنه‌وه‌ی که‌یفه‌ر خاست ترخان کرا بوو، سزای ئیعدام به سه‌رم دا سه‌پا، ئه‌ویش له دادگایه‌ک که به پێی ئه‌سڵی 168ی یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌بێ به شێوه‌ێه‌کی ئاشکرا و به به‌شداری پارێزه‌ر و له به‌ر ده‌م هه‌یئه‌ت مۆنسێفه به‌ڕێوه بچێت، که هه‌یئه‌ت مۆنسێفه و دادگای ئاشکرای هێچکات بوونی نه‌بوو و ته‌نانه‌ت ئیزنی قسه کردن له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌کشم پێش دادگا و له کاتی به‌ڕێوه چوونی دادگا ته‌نانه‌ت بۆ سڵام کردن به من نه‌درا و کاتی یاسایی بۆ به‌رگری له منیش به ئه‌و نه‌درا. جێی ئاماژه‌یه له که‌یفه‌ر خاستدا ته‌نیا تاوانی ئه‌ندام بوون له پ.ک.ک له دادگا به من راگه‌یێندرا.
6- قازی په‌روه‌نده‌که پاش مانگێک، له پرۆسێکی ته‌شریفاتی له کاتی راگه‌یێندرانی سزاکه‌ی من به روونی ئاماژه‌ی به‌وه کرد که وه‌زاره‌تی ئێتێلاعات پێش راگه‌یێندرانی سزای دادگا، مۆحارێبه‌ی تۆی له لا روون بووه‌و و که‌مترین سزا که تۆ ئه‌بێ به ته‌مای بی، ئیعدامه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته بۆ من بابه‌تێکی نوێ نه‌بوو چوون ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی که له ئێتێلاعاتی هه‌ر سێ شار له من لێپرسینه‌وه‌یان ده‌کرد، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێداگریان ده‌کرد که ئه‌وه ئێمه‌ین که دیاریمان کردووه که کێ سزات به‌سه‌ردا ببرێ و سزای تۆش ده‌بێ ئیعدام بێت. ئه‌مه بێ که‌م و زیاد قسه‌ی لێپرسره‌وه‌کانی په‌روه‌نده‌که‌یه.
سرنج دان به‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه که ته‌نیا مشتێک له خه‌روارن بۆ ئه‌وانه‌ی په‌ند وه‌ر ده‌گرن مایه‌ی به‌داخبوونه، چوون ده‌زگای ئێتێلاعاتی-ئه‌منیه‌تی وڵات به پێشێل کردنی یاسایه‌ک که به په‌سه‌ندی کۆماری ئیسلامی گه‌یشتوه و له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌و ئه‌سڵانه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی وه‌ک ئه‌سڵی 20(یه‌کسان بوونی هه‌موو تاکێک له به‌ر ده‌م یاسا)، ئه‌سڵی 23(قه‌ده‌خه بوونی پشکنینی بیرووباوه‌ڕ)، ئه‌سڵی 35(مافی هه‌بوونی پارێزه‌ر)، ئه‌سڵی 37(ئه‌سڵی به‌رائه‌ت)، ئه‌سڵی 38(قه‌ده‌خه بوونی ئه‌شکه‌نجه)، ئه‌سڵی 39(قه‌ده‌خه بوونی شکاندنی ڕێز و حورمه‌ت و حه‌یسیه‌ت)، ئه‌سڵی 57(بێ لایه‌نبوونی قوه‌ی قه‌زاییه)، ئه‌سڵی 166(مۆسته‌ده‌ل و مۆسته‌نه‌د بوونی سزاکان)، ئه‌سڵی 168(ئاشکرابوونی دادگای تاوانه سیاسیه‌کان) و پێشێل کردنی یاساکانی مافی شه‌هروه‌ندی، پێشێل کردنی ئایینی دادره‌سی و پێشێل کردنی ئایین نامه‌ی رێکخراوه‌ی زیندانه‌کان له لایه‌ک، به ته‌واوی ئه‌وه‌ی له مه‌تنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی هاتووه بێ بایه‌خ ده‌کا و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه لێپرسراوانی سه‌رکوتی وه‌ک تاوان- پشکێنه‌ری ئیتلاعات-لێپرسره‌وه‌ی دادگا، دادستان و دادوه‌ر را ده‌وه‌ستن و ریکخراوه‌یه‌ک که به رواڵه‌ت له ژێر چاودێری قۆوی مۆجریه دایه زۆرتر له قۆوه‌ی قه‌زائیه هه‌ڕوگیڤ ده‌کا و با له خۆی ده‌کا.
وا ده‌بینرێ که سه‌پاندنی سزای قورس به سه‌ر چالاکانی مه‌ده‌نی له ناوچه کوردنشینه‌کان به‌رگریه‌کی جیدی بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌م چالاکیانه‌یه و سزای ئیعدامی ئێمه‌ش به له به‌ر چاو گرتنی خاڵه سیاسیه‌کان و پێوه‌ندی سیاسی له‌گه‌ل ئه‌و حیزبانه‌ی که تازه ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌س (ئێوه بخوێنن تازه بونه‌ته مۆسڵمان) له یه‌کێ له دراوسێ ڕۆژئاواییه‌کانه که له کوشتاری نه‌ته‌وه‌کان له ساڵی 1915 ده‌ستێکیان هه‌یه. ئه‌م سزای ئیعدامه جۆرێک خه‌ڵاتی سیاسیه ، جۆرێک ته‌عزیمی مۆنفه‌عێلانه‌یه له لایه‌ن یه‌کێ له شه‌ریکانی هاوخه‌وی ئیدئۆلۆژیکی به شه‌ریکێکی دیکه‌یه که هه‌ڵبه‌ت به ڕواڵه‌ت یه‌ک بوونی ئامانج و ستراتێژی، به‌ڵام ڕا و بۆچوونی ته‌واوه‌ن جیاوازیان له گه‌ڵ یه‌کتری هه‌یه.
ئێستا به پێی ئه‌و شته‌ی که نووسیومه، ئایا من شایانی سزای له سێداره‌دانم؟ ئایا من ئه‌بێ بۆ پاراستی ژیانی خۆم ده‌بێ داوای لێ بوردن بکه‌م؟ لێ بوردن له کامه گونا و له چی و له کێ؟ ئایا ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌نانه‌ت یاسای نووسراوه‌ی خۆشیان زۆر جار پێشێل ده‌که‌ن به به پێی یاسای نه‌نوسراوی خۆیان ئه‌شکه‌نجه و ئیعدام دابه‌ش ده‌که‌نه‌وه،و له‌م رێگه‌یه‌شدا له هه‌موو که‌س ده‌س و دڵ بازترن، پێویست نیه ئه‌وان داوای له بوردن بکه‌ن؟فه‌رزاد که‌مانگه‌ر
گرتوخانه‌ی ره‌جایی شه‌هر
به‌شی نه‌خۆشییه گیرۆده‌یی و متادوني یه‌کان
25ی پووشپه‌ری ساڵی 87