یه‌که‌م جار بۆ گرتنی کۆمۆنیسته‌کان هاتن، من هیچم نه‌گوت، چونکه من کۆمۆنیست نه‌بووم، دواتر بۆ گرتنی کرێکاران و ئه‌ندامانی سه‌ندیکا هاتن، من هیچم نه‌گوت، چونکه من ئه‌ندامی سه‌ندیکا نه‌بووم، پاشان بۆ گرتنی کاتولیکه‌کان هاتن، دیسان من هیچم نه‌گوت چونکه من پرۆتیستانت بووم، ئاخره‌که‌ی بۆ گرتنی من هاتن ئیتر که‌سێک نه‌بوو، قسه بکا "بێرتولت برێشت"
کاتێک له قولینچکی چاوه‌کانمه‌وه، تابلۆی گرتووخانه‌ی ئه‌وینم خوێنده‌وه، ئه‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌م زیندانه‌م هه‌ر له کۆنه‌وه خوێندبۆوه، یان له یاد مابوو، سه‌رله نوێ وه‌بیر که‌وته‌وه، له ناکاو "خوێنی ئه‌رخه‌وانه‌کان"م (سروودێک له بیژه‌نی جه‌زه‌نی) دیسان که‌وته‌وه بیر. ئه‌م سرووده‌م زۆر خۆشده‌ویست، خۆزگه له به‌رم کردبا، هه‌رکه پێم نایه، داڵانه‌کانی 209 و سلووله تاکه‌که‌سییه‌کانی، بۆنێکی نه‌ناسراو غه‌ریبم هه‌ست پێ‌کرد، به خۆم گوت ڕه‌نگه ئه‌م بۆنی زیندانه، بۆنی داپڵۆسین و خنکاندن بێت.
چاوبه‌ستراوی هه‌تا ده‌رچوون له 209، به‌شێکی نه‌پچراو له زیندانێکه که منی وه‌بیر ئه‌و شایانه خست که له چاڵه‌ڕه‌شه‌کانیاندا، چاوی به‌ندییه‌کانیان ده‌کۆڵی هه‌تا بینایی زۆرترین هه‌ستی پێوه‌ندی له گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر له‌وان بگرن، ئێستاش چاوه‌کانیان ده‌به‌ستن، بێ ئاگا له‌وه که هێندێک جار دیواره‌کانیش ناتوانن، پێش به بیر و دیتن بگرن.
209 یانێ تاکه‌که‌سی، تاکه‌که‌سی که ونترین و بێناوترین، ده‌سته‌واژه‌ی کتێبه یاساییه‌کانی ئێمه‌یه، یانێ جوێن، سوکایه‌تی، لێپرسینه‌وه‌ی چه‌ند و چه‌ند سه‌عاته، بێ ئاگایی ته‌واو، گۆشه‌گیرکردن و ته‌ریکخستنه‌وه، شکان و وردکردن به هه‌موو نرخ و هه‌موو ئامرازێک. تاکه‌که‌سی یانێ ئه‌شکه‌نجه‌ی سپی، یانێ شه‌وانی بێ کۆتایی و دڵه‌ڕاوکه، پاش ئه‌شکه‌نجه‌ی سپی، شه‌ووڕۆژ پێکه‌وه جیاوازیان نیه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ که نابێ هێچ زانیارییه‌ک به تۆ بگا. زانیاریی و ده‌نگوباسی تۆ ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ن که ڕۆژێک چه‌ند جار له ژووره که‌سکه‌کانی لێپرسینه‌وه‌ی قاتی یه‌که‌م له گوێی تۆدا ده‌زرینگێته‌وه، هه‌تا ورده ورده بتشکێنن و تۆش له سلووله‌که‌تدا بیر له قسه‌کانی لێپرسره‌وه بکه‌یه‌وه، سبه‌یش و سبه‌یینێکانی دیکه‌ش هه‌روا هه‌مان شانۆ له ژووری ڕه‌نگ که‌سکی نه‌شته‌رگه‌ریدا دووپات ده‌بێته‌وه و ئه‌وه‌نده دووپات ده‌بێته‌وه هه‌تا قسه‌کانی لێپرسه‌ر له مێشک‌دا نه‌خش ده‌گرێ و به خۆت ده‌قه‌بڵێنی که تۆ چ مرۆڤێکی خراپ بووی!
هه‌ر ڕۆژه له ژووری لێپرسینه‌وه ده‌گه‌ڕێیه‌وه سلووله‌که‌ت، ئه‌وه‌ی له سلووله‌که‌تدایه، سه‌روژێر کراوه، یان باشتره بڵێم کێڵدراوه. ده‌رمانی ددان، سابوون، شامپۆ، په‌تووه ڕه‌شه بۆگه‌نیوه‌کان، مۆکێتی کاڵه‌وه‌بوو و ته‌نانه‌ت لیوانی یه‌کجار که‌ڵکلێوه‌رگر به هۆی گه‌ڕان به شوێن شتێکدا له جێی خۆیان نه‌ماون، به‌ڵکوو نه‌کا بزه‌ی پێکه‌نینێک، هیوایه‌ک، شادییه‌ک یان بیره‌وه‌رییه‌کت له شوێنێکدا شاردبێته‌وه، هه‌موو شه‌وێک که له خه‌یاڵی دووباره دیتنی مانگه‌شه‌ودا، چاوت بڕیوه‌ته دیواری سلووله‌که‌ت، شتێک وه‌ک دێوه‌زمه له کونی ده‌رکه‌که‌ته‌وه، خستووتیه ژێر چاوه‌دێری که نه‌کا چووبیته "خه‌وێکی شیرین" یان له خه‌یاڵی شه‌وانه‌تدا، دایکت هاتبێته ژوور سه‌رت و له‌و تاریکستانه‌دا به وتنی گۆرانی ڕۆڵه‌لایلایه، مه‌رهه‌می برینه‌کانت بکا.
که له دیواره‌کان ده‌ڕوانی، بیرت بۆ لای ئه‌و میوانه پێشووانه، عه‌ره‌ب، تورک، کورد و به‌لووج و مامۆستا و کرێکار و خوێندکار بگره هه‌تا چالاکی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامه‌ڤان ده‌چێ که لێره بوون و هه‌رکامه‌یان بیره‌وه‌رییه‌کیان له شوێن خۆیان لێره جێهێشتووه. وه‌ک ئه‌وه وایه له نێو 209دا عه‌داله‌ت له حه‌قی هه‌موو که‌سێکدا به شێوه‌ی یه‌کسان به بێ جیاوازی، ئیتنیک، ڕه‌گه‌ز، مه‌زهه‌ب و چین په‌یره‌و کراوه‌و هه‌موو که‌سێک به بێ جیاوازی و به یه‌کسانی هاتوونه ئه‌م زیندانه.
له سلووله تاکه‌که‌سییه‌کان هه‌تا سلووله گشتییه‌کان ته‌نیا سی مێترێک مه‌ودا هه‌یه که که‌سانێک به ساڵان و که‌سانێک به مانگان لێی ماونه‌ته‌وه، سلوولی گشتی یانێ دیتن و ئاخافتن له گه‌ڵ ئینسانه‌کانی وه‌ک خۆت، یانێ گوێگرتن له قسه‌ی ئه‌و مرۆڤانه که ده‌بێ گوێبیستی قسه‌کانیان بی، سلوولی گشتی یانێ خواردنه‌وه‌ی پیاڵه‌یه‌ک چایی دا‌غ، یانێ چوونه حه‌مام به که‌یفی خۆت، سلوولی گشتی یانێ سه‌روریش تاشین و بۆ ژماره‌یه‌کی دیکه‌ش یانێ دیتنی چاوی پڕ له خه‌می ئازیزان له پشته‌وه‌ی دیواره شووشه‌ییه‌کان و بۆ من یانێ هه‌ڵمژینی هه‌وا پاش چه‌ند مانگان، پاش چه‌ند مانگ بۆ یه‌که‌مین جار چوومه هه‌واهه‌ڵمژین، حه‌فته‌یه‌ک 3 جار و هه‌ر جارێک 20 خوله‌ک، جێگه‌ی هه‌واهه‌ڵمژین، ژوورێکی بچووکی دیوار به‌رز بوو که سه‌ره‌که‌ی به نه‌رده پڕ داپۆشرابوو، بۆ منێک که ئه‌ڤیندارانه، ئاسمان و خۆرم له داوێنی زاگرۆسه‌وه دیبوو، لێره وه‌ک ئه‌وه وابوو ئاسمانیان له پشت میله‌کانه‌وه، زیندانی کردبێ. خۆر به پێدزکێ سه‌ری له سووچێکی ژووری هه‌واهه‌ڵمژین، وه‌ک ئه‌وه وابوو که ئه‌ویش ئاگای له‌وه بێ که نابێ له دیواره‌کانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی نزیک بم، دووربینێکیش به سه‌ر سه‌رمانه‌وه، زوو زوو ده‌سووڕایه‌وه هه‌تا هه‌موو شوێنێک بخاته ژێر چاوه‌دێری خۆیه‌وه، که نه‌کا له گه‌ڵ خاتوو ڕۆژ یه‌کتری ببینینن و چاوبڕکێیه‌ک پێکه‌وه بکه‌ین، که ئه‌ویش وه‌ک پێوه‌ندیگرتن به بێگانه‌کانه‌وه، بحه‌سبێندرێ، یان ئه‌وه به سروه بڵێم که "حاڵی هه‌موو ئێمه باشه" و ئه‌م هه‌واڵه‌ش ببێته هۆی "ئاژاوه‌نانه‌وه له زه‌ینی گشتی" و دیواره‌کانی ژووری هه‌وا هه‌ڵمژین ئه‌وه‌نده په‌ڵه‌ی شڵ وپڵی پێوه بوو، که ئه‌وه‌نده‌ی دیکه، ناحه‌زتری کردبوو "ئه‌گه‌رچی جوانترین دیوار، دیواری زیندان بێ، دیسانه‌که شایانی ڕووخانه".
دیواره‌کانی 209، ئامانجی گه‌وره‌ی خۆیان یانێ جوێکردنه‌وه‌ی زیندانییه‌کانیان له یه‌کتری به باشی به ئه‌نجام گه‌یاندبوو. لێره‌دا دیواره‌کان ببوونه په‌یامبه‌ری دۆستایه‌تی و نامه‌به‌ر، که‌وابوو ده‌بوا جه‌زا درابان و هه‌ر حه‌فته ڕه‌نگی ڕه‌شیان تێهه‌ڵده‌سوو، هه‌تا له کۆتایدا ڕۆژێک ده‌بوونه ته‌خته به‌ردێکی ڕه‌ش. دیواره‌کانی ژووری هه‌واهه‌ڵمژین بۆ زیندانییه‌کان ببوونه ته‌خته ڕه‌شه، ڕۆژنامه‌ی دیواری و ته‌نانه‌ت درزی دیواره‌کان نه‌خشی سندووقی پۆستیان ده‌گێرا و په‌یامی زیندانییه‌کانیان ده‌گه‌یانده یه‌کتری. دیواره‌کان پڕ بوون له هه‌واڵ و ناوی خوێندکاره‌کان، ئه‌وانه‌ی که له مانگی پووشپه‌ر، نه نه .... دوورتر له 16ی سه‌رماوه‌زه‌وه هاتبوون، ئه‌وانه‌ی که به ساڵانه، نیشته‌جێی سلووله تاکه‌که‌سییه‌کانن و جه‌سوورانه ده‌یانووسی : "خوێندکار ده‌مرێ، خۆشی وه‌رناگرێ" و ناوی زانکۆکه‌ی خۆیان له ژێر ده‌نووسی. جه‌وانیکی دیکه ئارمی ئن جی ئۆ که‌یانی به جوانێکی که‌م وێنه له سه‌ر دیواره‌که نه‌خش کردبوو، هه‌ر چه‌ند جارێک پاکیان ده‌کرده‌وه‌و ڕه‌نگیان به سه‌ردا ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌و دووباره‌و چه‌ند باره ده‌یکێشایه‌وه و که‌سانێکیش له سه‌ر ئه‌مه، خه‌وه‌ریان لێ ده‌دا. منیش ڕۆژێک له سه‌ر دیواری هه‌وا هه‌ڵمژین، نووسیم "سڵاو" (ئاماژه‌یه به شێعری جوانی سلام، نووسینی شاعیری سه‌رده‌م سه‌ید عه‌لی ساڵحی)، له گه‌ڵ خۆم وتم "سڵاو، پێویستی به وه‌ڵام نیه" به‌ڵام هه‌رزوو نووسیان "سڵاو، تۆ؟! دۆستایه‌تییه‌که‌مان ده‌ستی پێ‌کرد، له خوێندکار بگره هه‌تا زیندانی ئه‌لقاعده‌یی که دواتر له زیندانی ڕه‌جایی شار بوو به مامۆستای زمانی ئینگلیزیم، کۆمه‌ڵێک دۆستی "دیواری"م دیته‌وه‌و و ڕۆژێک که سلووله تاکه‌که‌سییه‌کان پڕ بوبونه‌وه و جێگه‌یه‌ک بۆ تازه‌هاتووه‌کان نه‌مابوو و له ڕووی ناچارییه‌وه، کۆمه‌ڵێکیان له سلوولێک کۆکردبۆوه، وه‌ک ئه‌وه وابوو، به ساڵانه یه‌کتری ده‌ناسین. پولیتێکنیکییه‌کان، ته‌حکیمی وه‌حده‌ت، کریستیانه‌کان، تورک، به‌لووج، کورد و هی دیکه، وه‌ک ئه‌وه وابوو، سالانه یه‌کتری ده‌ناسین، یه‌کێک ببووه ده‌لاک، یه‌کێك ئاشپه‌ز، هه‌تا به‌یانی پێکه‌وه داده‌نیشتین و له سه‌ر ئازاره‌کانی کۆمه‌ڵگه له گه‌ڵ یه‌کتری ده‌دواین، هه‌ر چه‌ند ئازاره‌کانمان هاوبه‌ش بوو، به‌لام هه‌تا سه‌ر له به‌یانی هه‌ر پێکه‌وه قسه‌مان ده‌کرد و لای به‌یانی ده‌نگی گریانی سه‌ید ئه‌یوبی به‌لووجی له سلوولی په‌ناده‌ستمانه‌وه که به ساڵان لێره بوو، به خۆوه‌ی دێناین، ئه‌وه‌نده که‌س گوێی له هاواره‌کانی نه‌گرتبوو، نامه‌ی بۆ خودا ده‌نووسی و له ژووری هه‌واخۆری دایده‌نا، به ده‌نگی گریانی سه‌ید ئه‌یوب بێده‌نگییه‌کی قورس باڵی به سه‌ر ئێمه‌دا ده‌کێشا و باسه‌که‌ی کۆتایی پێ دێناین و بڕه جارێک ده‌نگی پاژنه که‌وشی ژنێک بێده‌نگی ده‌کردین، له خۆشحاڵی و شڵه‌ژان له کونی بچووکی ده‌رکه‌وه، یان به‌لای په‌ڕه‌کانی رادیاتۆری سلوولی 121وه چاوێکمان به ده‌رێدا ده‌گێڕا، ژنێک بوو که به‌ره‌و ژووری لێپرسینه‌وه‌یان ده‌برد، عابایه‌کی له سه‌ر کردبوو، که ده‌یان ته‌رازووی له سه‌ر کێشرابوو، قه‌د و قامه‌تی ئه‌و ترازووه‌کانی عه‌داله‌تی خواروخێچ و لاروێر نیشان ده‌دا. ئه‌م ده‌نگه ئاشنایه‌ی پێ، نیشاندانی بوونێکی قایم و ڕاوه‌ستاو بوو و به ئێمه‌ی ده‌گوت لێره‌ش ژیان و خه‌بات به بێ ده‌نگی پاژنه‌ی به‌رز مانایه‌کی نیه، هێندێک ڕاوه‌ستان و ساعه‌تێک ڕامان، سه‌ره‌نجمانی بۆ لای ئه‌وه راده‌کێشا، که هه‌مووان یه‌کین.
ژووری لێپرسینه‌وه‌مان، هه‌مان ژوور بوو که شۆفێره‌کانی شیرکه‌تی واحید و مامۆستاکان لێپرسینه‌وه‌یان له سه‌ر ده‌کرا. مێزی لێپرسینه‌وه هه‌مان مێز بوو، که خوێندکاره‌کان به‌سه‌رییه‌وه، بیره‌وه‌رییان نووسیبوو، ته‌ختێک که من له سه‌ری ده‌نووستم، هه‌مان ته‌خت بوو، که "عمران" جه‌وانی به‌لووجی به‌ر له له‌سێداره‌دانی له سه‌ری نووستبوو "دڵم ته‌نگ بووه بۆ که‌ویر"، چاوبه‌سته‌که‌مان هه‌مان چاوبه‌ست بوو که ئه‌ندامانی یه‌ک میلیۆن واژوو "هاواری بێده‌نگ" چاوانیان پی ده‌به‌ستن، که وایه نابێ هه‌ست به غه‌ریبایه‌تی بکه‌ی و یه‌کتری له یاد بکه‌ی، ئه‌مانه هه‌موویان به جۆرێک له ته‌ک یه‌کتری ئاشنان، لێره هه‌موو وه‌ک تۆن، به‌ڕاست به باشی بیری لێبکه‌وه، ڕه‌نگه سبه‌ی نۆره‌ی تۆش بێت....
مامۆستا‌و چالاکی مافی مرۆڤی حوکمی له‌سێداره‌دان به سه‌رداسه‌پاو
به‌ندی نه‌خۆشییه گیرۆوه‌کانی 5ی زیندانی ڕه‌جایی شار
فه‌رزادی که‌مانگه‌ر
10ی جۆزه‌ردانی