من ناوم فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، ناسراو به سیامه‌نده و دوازده ساڵ ڕابردووی کاری مامۆستاییم له شارستانی کامیاران هه‌یه. ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ئه‌نجومه‌نی مه‌ده‌نی مامۆستایانی شاری کامیاران بووم و هه‌تا کاتی قه‌ده‌غه کردنی تێکۆشانه‌کانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه، به‌رپرسی پێوه‌ندییه گشتییه‌کانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بووم. ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی مانگنامه‌ی فه‌رهه‌نگی/ بارهێنانی روویان بووم که دواتر ئه‌م گۆڤاره‌ش له لایه‌ن ده‌سته‌ی چاوه‌دێری په‌روه‌رده‌و بارهێنانه‌وه داخرا. ماوه‌یه‌کیش ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی ژینگه‌ی ئاسک بووم. له ساڵی 1384 هه‌ر به دوای دامه‌رزانی کۆمه‌ڵه‌ی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ له ئێران بووم به ئه‌ندام.
له مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1385 کاتێک بۆ مه‌سه‌له‌ی به دواچوونی ده‌واوده‌رمان بۆ براکه‌م که یه‌کێک له چالاکڤانانی سیاسی کورده، له تاران بووم، گیرام و بۆ شوێنێکی نادیار‌و ژێرزه‌مینێکی ته‌نگ و تاریک ڕاگوێزرام. سلووله‌کان به‌تاڵ بوون، نه په‌توو نه ڕایه‌خێک و شتێکی دیکه‌ی لێ نه‌بوو. کاتێک ناوونیشان و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی منیان ده‌نووسی و پرسیان خه‌ڵکی کوێی، هه‌ر که وتم کوردم، به شه‌لاقێک که له شیلانگ چێ کرابوو، که‌وتنه گیانم، به هۆی مه‌زهه‌به‌که‌شمه جنێویان پێدام و لێیان دام. به هۆی ئه‌وه موسیقای کوردی له سه‌ر زه‌نگی مۆبایله‌که‌م بوو، هه‌تا له توانایاندا بوو، لێیان دام.
ده‌سته‌کانیان ده‌به‌ستم، له سه‌ر کورسییه‌کیان دایانده‌نیشاندم و له سه‌ر شوێنه پڕهه‌ستیاره‌کانی له‌شم ته‌وژمیان ده‌خست. هه‌موو جله‌کانیان له به‌ر داده‌که‌ندم و مه‌ترسی ده‌ستدرێژی جنسیان وه‌به‌رده‌نام و به دار و باتۆم ئازاریان ده‌دام.
به هۆی ئه‌شکه‌نجه‌ی گرانه‌وه، ناچار بوون بمبه‌نه لای دوکتۆر. دوکتۆر شوێنه‌واری لێدان و شێنهه‌ڵگه‌ڕانی له سه‌ر که‌مه‌ر، مل، سه‌ر، پشت، ڕان و لاقه‌کانم دی. بۆ ماوه‌ی دوو مانگ له سلوولی تاکه‌که‌سی ژماره 43 بووم. له به‌ر ئه‌وه ئه‌شکه‌نجه‌ی گران و ئازاردانم له ڕاده‌به‌ده‌ر بوو، بۆ ماوه‌ی 33 رۆژ مانم له خواردن گرت. کاتێک بنه‌ماڵه‌که‌میان ئازار ده‌دا و مه‌ترسیان وه‌به‌ر ده‌خه‌ستن بۆ ڕزگاری له‌و هه‌موو ئه‌شکه‌نجه‌و هه‌روه‌ها ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به ئازار و گوشار بۆ سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌م، به مه‌به‌ستی خۆکوشتن خۆم له سه‌ر پلیکانه‌کانی زیندانه‌وه فڕێ دایه خوارێ. بۆ ماوه‌ی مانگێک له سلوولێکی بچووک، تاریک و بۆگه‌ن حه‌بسیان کردم. له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نانه‌ت له ڕێگه‌ی ته‌له‌فوونیشه‌وه بۆم نه‌بوو له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌م پێوه‌ندی بگرم. بۆ ماوه‌ی 3 مانگ ئیزنی هه‌واخۆریم نه‌بوو. پاشان گوێزرامه‌وه بۆ سلوولێکی چه‌ند که‌سه و دوو مانگ له‌وێ ڕاگیرام به بێ ئه‌وه بتوانم پارێزه‌ر یان بنه‌ماڵه‌که‌م ببینم.
له نێوه‌ڕاستی به‌فرانباردا له زیندانی 209ی تارانه‌وه بۆ گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرام. هه‌تا ئه‌و کاته تۆمه‌تێکیان نه‌خستبووه پاڵم و نه‌مده‌زانی بۆ گیراوم.له گرتووخانه‌ی کرماشان‌دا هه‌موو جله‌کانیان له به‌ر ده‌رهێنام و جڵێکی بۆگه‌نیان پێدام. به لێدان و کوتان خستمیانه سلوولێلی تاکه که‌سییه‌وه که نهێنی بوو و که‌س پێی نه‌ده‌زانی و ده‌نگم به هیچ کوێ نه‌ده‌گه‌یی. سلووله‌که دوو لامپی بچووکی تێدا هه‌ڵواسرا بوو، هه‌واکه‌شی نه‌بوو، پێشتر ئه‌و سلووله گۆیا ئاوده‌ست بووه، زۆر تاریک و بۆگه‌ن بوو. له 24 ساعه‌تدا ته‌نیا دوو جار ئیزنی چوونه ئاوده‌ستم هه‌بوو، مانگێک جارێک بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌کێک ئیزنی خۆشوتنیان پێ ده‌دام.
ئه‌و ئه‌شکه‌نجانه‌ی له گرتووخانه‌ی کرماشان کرام، بریتی بوون له:1/ گه‌مه‌ی فوتبۆڵێن: ئه‌مه ده‌سته واژه‌یه‌ک بوو که لێپرسه‌کانی گرتووخانه به کاریان دێنا. جله‌کانیان له به‌ر ده‌ردێنام، چوار پێنج که‌س ده‌وره‌یان ده‌گرتم و به مسته‌کۆڵه و پێلاقه به‌ره‌و لای یه‌کتری ده‌یاناردم. کاتێک توانام نه‌ده‌ما و ده‌که‌وتم به پێکه‌نین و جنێودان له سه‌رم ڕاده‌وه‌ستان.2/ به سه‌عات له سه‌ر پێیه‌ک ڕایان ده‌گرتم، ده‌سته‌کانیان پێ به‌رز ده‌کردمه‌وه‌و کاتێک ماندوو ده‌بووم و ده‌که‌وتم، لێیان ده‌دام. ده‌یانزانی پێی چه‌په‌م زه‌ربه‌ی دیووه، زیاتر له‌و پێیان ده‌دام. له‌و ده‌مه‌دا ده‌نگی قورئانیان به‌رز ده‌کرده‌وه هه‌تا ده‌نگ و هاواری ژێر ئه‌شکه‌نجه‌م به شوێنێک نه‌گا.3/ له کاتی لێپرسینه‌وه دا مسته‌کۆڵه و شه‌قازله‌یان له دموچاوم ده‌دا.4/ ده‌ست و لاقمیان به سه‌ر ته‌ختێکه‌وه ده‌به‌ست و به شه‌لاقێک که ناوی زولفه‌قار بوو لێیان ده‌دام، له ژێر پێ، ڕه‌قینه‌ی لاق، ڕان و که‌مه‌ریان ده‌دام و ئه‌وه‌نده‌یان لیده‌دام که تا چه‌ند ڕۆژێک نه‌مده‌توانی بڕۆم.5/ به‌رده‌وام شۆکی ئیلێکتریکیان له شوێنه هه‌ستیاره‌کانی له‌شم ده‌دا.
لێره‌ش ئیزنی دیتنی بنه‌ماڵه‌یان پی نه‌دام، ته‌نانه‌ت دۆست کچه‌که‌شمیان گرت، براکانیان گرتم. به هۆی نه‌بوونی پاک‌وخاوێنی له سللوله‌که‌مدا تووشی نه‌خۆشی کارگی پێست هاتم، به‌ڵام نه‌یانهێشت چاوم به دوکتور بکه‌وێ. به هۆی ئه‌شکه‌نجه و گوشاری له ڕاده‌به‌ده‌ر ناچار مام، لێره‌ش بۆ ماوه‌ی 12 ڕۆژ مان له خواردن بگرم. به‌ڵام له باتی باشترکردنی باروودۆخم بۆ سلوولێکی زۆر خراپتر، پیستر و ساردتر ڕایانگوێستم. به‌رده‌وام لێیان ده‌دام، جارێک به هۆی زه‌ربه‌وێکه‌وتن له هێلکه‌کانم بێ هۆش که‌وتم. مه‌ترسی ده‌سدرێژی جنسیان وه‌به‌ر ده‌نام. دایم ده‌نگی ئاهوناڵه‌ی سلووله‌کانی دیکه‌م وه‌به‌ر گوێ ده‌که‌وت.
له 28ی مانگی ڕه‌شه‌مه‌دا جارێکی دیکه بۆ گرتووخانه‌ی 209ی تاران ڕایانگوێستم. هه‌ر چه‌نده له سلوولی چه‌ند که‌سیدا بووم، به‌ڵام ئیزنی دیتنی بنه‌ماڵه‌که‌م نه‌بوو.دۆسیه‌که‌م پاش چه‌ند مانگ نادیاری، مانگی جۆزه‌ردانی 1386 بۆ دادگای شۆڕشی ژماره 30 نێردرا. لێپرسه‌کان ده‌یانگوت هه‌موو هه‌وڵه‌کانی ئه‌وان ئه‌وه‌یه که حوکمی ئێعدام یان زیندانی درێژماوه‌م به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، ئه‌گه‌ر هاتووش ئازاد کرام ئه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی زیندان حیسابی خۆیانم له گه‌ڵ پاک ده‌که‌نه‌وه.
لێپرسه‌کانی گرتووخانه ڕقێکی تایبه‌تیان له من پێش هه‌موو شتێک وه‌ک کوردێک و دواتر وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس و چالاکی مافی مرۆڤ هه‌بوو. سه‌ره‌ڕای هه‌موو گوشاره‌کان، ئه‌شکه‌نجه‌کرانم هه‌روا به‌رده‌وام بوو.دادگای تاران نه‌بوونی سه‌لاحییه‌تی خۆی له سه‌ر دۆسیه‌که‌ی من ڕاگه‌یاند و هه‌ربۆیه دۆسیه‌که‌میان نارد بۆ دادگای سنه. هه‌ر کاتێک خه‌ڵک و ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ له به‌رانبه‌ر گیران و ئه‌شکه‌نجه‌ی مندا ناڕه‌زایه‌تینا ده‌رده‌بڕی و پشتگریان له من ده‌کرد، کاربه‌ده‌ستانی زیندان زیاتر توڕه‌تر ده‌بوون و گوشاره‌کانیان بۆ سه‌ر من زێده‌تر ده‌کرد. له پووشپه‌ڕی ساڵی 86دا بۆ گرتووخانه‌ی سنه ئه‌و شوێنه‌ی که بووه‌ته مۆته‌یه‌کی ترسناک و قه‌د له بیر و ژیانمدا ناسڕدرێته‌وه، ڕاگوێزرام. له کاتێکدا هه‌ر به پێی یاسای خۆیان تۆمه‌تێکی تازه‌م له سه‌ر نه‌بوو، هه‌ر به گه‌یشتنم بۆ ئه‌وێ لێدان و ئازاری ڕۆحی و جه‌سته‌یی ده‌ستیپێکرد.
سلووله‌که‌میان زوو زوو ده‌گۆڕی. ڕۆژێک به‌رپرسی گرتووخانه و چه‌ند که‌سێکی دیکه هاتن و به بێ هۆ که‌وتنه کوتان و لێدانم و له سلووله‌که‌یان بردمه ده‌رێ، زه‌ربه‌یه‌کی توندیان له پشته‌وه دا له سه‌رم، به‌رچاوم ره‌ش بوو و که‌وتمه سه‌ر عه‌رز، به سه‌ر پلیکانێکدا که له 18 پله پێکهاتبوو به‌ره‌و ژووری لێکۆڵینه‌وه‌ی گرتووخانه ڕایانکێشام. کاتێک وه‌هۆش خۆم هاتمه‌وه‌و چاوانم کرده‌وه، هه‌موو له‌شم به تایبه‌تی سه‌ر و دم و چاو و لای چه‌په‌م ژانی ده‌کرد. هه‌ر که زانیان وه‌هۆش هاتوومه‌ته‌وه، دیسان که‌وتنه کوتان و لێدانم. بۆ ماوی سه‌عاتێک لێیاندام، دیسان به خشکه‌خشک به سه‌ر پلیکانه‌کاندا بردمیانه سه‌ره‌وه‌و فڕێیان دامه، نێو سلوولێکی بچووکه‌وه. دوو که‌سی دیکه هاتن و ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌یان لێدام هه‌تا سه‌رله‌نوێ بێهۆش که‌وتمه‌وه. لای ئێواره، به ده‌نگی بانگی عه‌سه‌ر وه‌خه‌به‌ر هاتم، دموچاو و جله‌کانم خوێناوی بوون. دموچاوم هه‌ڵمسا بوو. هه‌موو له‌شم شین و ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕابوو. توانای بزووتنم تێدا نه‌بوو. پاش چه‌ند سه‌عاتێک به زۆر خستمیانه حه‌مامێکه‌وه که جل و به‌رگه خوێناوییه‌که‌م پاک بکه‌مه‌وه. جله ته‌ڕه‌کانیان له به‌رم کرد. سه‌عات 12 شه‌و چاویان به‌ستم و چه‌ند کاربه‌ده‌ستێکی ئیتلاعات هاتنه لام. به هۆی باروودۆخی خراپی جه‌سته‌ییم، ڕوژی دوایی ناچار مان بمبه‌نه لای دوکتور له ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه له زیندانی ناوه‌ندی. به هۆی زه‌ربه‌وێکه‌وتن به شه‌ویلکه‌و ددانه‌کانم هه‌تا چه‌ند ڕۆژ نه‌مده‌توانی خواردن بخۆم. شه‌وانه په‌نجه‌ره‌ی سلووله‌که‌یان ده‌کرده‌وه هه‌تا له به‌ر سه‌رما ئازار بچێژم. په‌تویان پێ نه‌دابووم، به ناچاری مۆکێتی ژووره‌که‌م به ده‌وری خۆم ده‌پیچا. ئیزنی هه‌واخوه‌ری، ته‌له‌فوون و چاوپێکه‌وتنی بنه‌ماڵه‌م نه‌بوو. زۆر جار له ژووری لێپرسینه‌وه‌دا لێیان ده‌دام. هه‌ر به‌و هۆیه ناچار بووم، 5 ڕۆژ مان له خواردن بگرم. زۆر جار سه‌رمیان له دیواری ژێرزه‌مین ده‌دا و له‌وێوه هه‌تا سلووله‌که‌م به لێدان و کوتان ڕایانده‌کێشام. هه‌تا ئه‌و ده‌مه چ له کرماشان و چ له سنه هیچ تۆمه‌تێکیان نه‌دابووه پاڵم.
ئه‌شکه‌نجه‌ی ناسراو به مریشکی بر‌ژاو ده‌سته‌واژه‌یه‌ک بوو که سه‌رۆکی گرتووخانه‌ی سنه به کاری دێنا ئه‌ویش ئه‌وه بوو که به زۆری ئه‌و شه‌وانه‌ی که بۆ خۆی له گرتووخانه ده‌مایه‌وه ئه‌نجامی ده‌دا. ده‌ست و پێی که‌سێکیان ده‌به‌ست، له سه‌ر عه‌رز ده‌یانخست و ئه‌ویش بۆ خۆی به شه‌لاق ده‌که‌وته گیانی.
ده‌نگی ناڵه ناڵ و گریانی که‌سانێک که به زۆری کچ بوون، ده‌گه‌یشتنه گوێ و ڕۆحی مرۆڤیان ئازار ده‌دا.نزیک به دوومانگ له سلوولی تاکه‌که‌سی سنه‌دا بووم. په‌روه‌نده‌که‌شم دیسان له سنه به هۆی نه‌بوونی سه‌لاحییه‌تی دادگا، سه‌رله نوێ نیردرایه‌وه بۆ تاران. سه‌رجه‌م ماوه‌ی 8 مانگه ئازاری ڕۆحی و جه‌سته‌یی ده‌درێم و ئه‌مه‌ش کاریگه‌رییه‌کی زۆری له باری ڕۆحی و جه‌سته‌ییه‌وه له سه‌رم داناوه. دوای مانه‌وه‌ی شه‌وێک له زیندانی 209 بردمیانه به‌شی 7 زیندانی ئه‌وین، ئه‌و شوێنه‌ی که مه‌وادی بێهۆشکه‌ر بووه‌ته شه‌وچه‌ره‌ی به‌ندییه‌کان. له 27ی خه‌زه‌ڵوه‌ره‌وه گۆێزراومه‌ته‌وه بۆ زیندانی ره‌جایی شه‌هری که‌ره‌ج ، زیندانێک که له‌ودا پڕمه‌ترسیدارترین به‌ندی وه‌ک قاتڵ، دزی چه‌کدار و خه‌ڵکدزی تێدا به‌ند کراوه.
له گه‌ڵ ڕێزم2ی سه‌رماوه‌زی ساڵی 1386زیندانی ره‌جایی شه‌هری که‌ره‌ج