هیوای ژماره 2
نازانم له به‌ر تاوی ژانی برینی ڕانم، یان تینی گه‌رما بوو وه‌خه‌به‌ر هاتم. نه خه‌ونم نه‌دیبوو، ڕاست بوو. شه‌وی پێشێ وێرای هاوڕێ برینداره‌که‌ی دیکه‌م حه‌مه که‌ریم، ئه‌و به پێ و منیش به سواری ئه‌سپ هێنرابووینه ئه‌م شوێنه، په‌نای دێی سه‌رڕێز له ژاوه‌رۆ. له به‌ر ڕژدی و هه‌ڵه‌دێری ڕێگا ئه‌سپه‌که که‌وتبوو و منیش که‌وتبوومه ژێری و ئه‌سپه‌که پاش تل خواردنێ زۆر که‌وتبووه که‌نده‌ڵانێک و ئیتر ئه‌و به‌سته‌زمانه هه‌ڵنه‌ستابۆوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ئه‌سپه‌که تلێکیشی به سه‌ر مندا خواردبوو به‌ڵام وادیار بوو ئازارێکی وام پێنه‌گه‌یشتبوو. هیچ نه‌بێ له به‌ر ژانی برینی ڕانیشم بووه، جێگه‌ی کوترانی له‌شم له ڕمان و که‌وتنه ژێر ئه‌سپی دوێنێ شه‌وێدا نه‌دێشا.
له‌و دۆڵه قووڵه‌دا بێجگه له په‌ڵه‌یه‌ک له ئاسمان و خۆر نه‌بێ چی دیکه‌مان لێ دیار نه‌بوو. ئاوی کانیاوێک که له بن چه‌ند به‌ردێکی زلی سه‌ره‌وه‌ی شوێنه‌که‌مان هه‌ڵده‌قوڵی به نێو جۆگه‌له‌یه‌کی باریکدا به لاماندا تێده‌په‌ڕی و هه‌ر که‌مێک ئه‌ولاتر له نێو زه‌ل و زۆنگاوی سه‌ره‌وه‌ی به‌رده‌لانێکدا وون ده‌بوو. ته‌ختایی شوێنی دانیشتنه‌که‌مان پتر له چه‌ند میترێک نه‌ده‌بوو و ئیتر ئه‌ملاو ئه‌و لامان به‌رد و ڕژد و ته‌لان و هه‌ڵدێر بوو، ئه‌گه‌ر ویستبات سه‌رکه‌وی یان دابه‌زی ده‌بووا به قنگه‌خشکێ و چنگه‌کڕێ هه‌ڵگه‌ڕابای یان دابه‌زیبای. له ته‌ختاییه‌که یه‌کدوو کۆڵه بی خۆڕسک ڕووا بوون و ئیتر له‌م به‌رو له‌و به‌ری دۆڵیش بنه بنه دار بنێشتی کۆچه‌ڵه لێ هه‌ڵبه‌سبه‌ستراو چنگیان له‌و شاخ و ته‌لانه کوتابوو.
ئێره حه‌شارگه‌ی ئێمه بوو. بێجگه له چوار که‌س؛ کادرێک که هه‌مانکات شاره‌زاو چاوساقی ئێمه بوو، برینپێچێک، من (که دیاره بۆ خۆم برینپێچ بووم و ئێستا له به‌ر برینداری برینپێچیم پێنه‌ده‌کرا و برینیان بۆ ده‌پێچام) و برینداره‌که‌ی دیکه که حه‌مه که‌ریم بوو، که‌سی دیکه پێی نه‌ده‌زانی. ده‌م عه‌سرانێک هاوڕێی کادر به‌ر له‌وه دڵنیایی کردین که ئێره شوێنێکی ئه‌من و ئه‌مان و جێی متمانه‌یه‌و نابێ بترسین و هه‌روه‌ها هه‌ر زوو ڕاده‌سپێرێ که نان و پێخۆرمان بۆ بنێرن و به کورتی له هیچ بارێکه‌وه خه‌ممان نه‌بێ و کۆمه‌ڵێک دڵنیاکردنی دیکه به جێی هێشتین و وه‌دووی کاروباره‌کانی خۆی که‌وت. ئه‌و ڕۆژه به ده‌م تیمارکردنی برین، چای ده‌مکردنی بێ دووکه‌ڵ و دانیشتن و خه‌وتن له ژێر سێبه‌ری کۆڵه بییه‌کان تێپه‌ڕی.
تاقه که‌سی ساقی نێومان هه‌ڤالی برینپێچ بوو هه‌ر بۆیه نه‌مانده‌توانی پاسه‌وانی بده‌ین. به‌یانیان زوو هه‌ڤاڵی برینپێچ هه‌ڵده‌ستا به هه‌ورازی کووڕه‌وه هه‌ڵده‌زنی و به‌ئه‌سپایی له تۆقه به‌رده‌که‌ی پشت سه‌رمانه‌وه نزیک ده‌بۆوه‌و چاوێکی به‌ملاو به‌ولادا ده‌گێڕا و دوای دڵنیا بوون له هێوری ده‌وروپشت ده‌هاته‌وه خوارێ.
ڕۆژی دووه‌م یان سێیه‌می ژیان له حه‌شارگه بوو، هه‌ڤاڵی برینپێچ به به ده‌م قاقای پێکه‌نینه‌وه له خه‌وی هه‌ڵستاندین:
_ کوره هه‌ڵسن، خوا کوره نه‌وه‌ڵا خوای چی، هیوا ناوێک فڕوجاوی بۆ هاوردگین.
له خه‌و هه‌ستاین، هیوایه‌ک دیار نه‌بوو به‌ڵام مه‌نجه‌ڵێکی فڕووجاوو چه‌ند مووچه نانێک دانرابوو و له سه‌ر کوته کاغه‌زێک نووسرابوو هیوای دوو.
ئیتر هه‌موو به‌یانیان که له خه‌و هه‌ڵده‌ستاین، ئه‌وه هیوای دوو نان و پێخۆری ئه‌و ڕۆژه‌ی بۆ دانابووین و بۆ خۆی بێ شوێن پێ ئه‌و شوێنه‌ی به جێهێشتبوو و ڕۆیشتبوو. کاک حه‌مه که‌ریم، هاوڕێ برینداره‌که‌ی دیکه‌م که قسه‌خۆشێکی دیاری نێو پێشمه‌رگه‌کان بوو، هه‌ر له خه‌وی به‌یانی هه‌ڵده‌ستا هاواری ده‌کرد:
_ ئا ئه‌لێوه‌ر بچۆ بزانه هیوای دوو چی بۆ داناوین. ئه‌گه‌ر پێخۆره‌که‌ی به دڵ نه‌بوایه ئه‌وه یه‌کدوو جنێوی حه‌واڵه‌ی هیوای دووی بێ ناو و نیشان ده‌کرد.
هیوای دوو زیاتر له حه‌وتوویه‌ک له‌و دۆڵه ڕه‌ق و ته‌ق و قووڵه به خێوی کردین و وه‌ک گیانی خۆی پاراستینی. هیوای بێ ناوونیشان و هیوایه‌ک که ته‌نیا ناوێکی خوازراو بوو و بێجگه له هه‌ڤاڵی کادر نه‌بێ که‌س نه‌یده‌زانی کێیه، و ته‌نانه‌ت ئێمه‌ش بۆ جارێک بووه ده‌م و چاویمان نه‌دی، یه‌کێک له‌و هه‌زاران خه‌باتگێڕ و پێشمه‌رگه گومناوانه بوو که خۆیان به نهێنی له خزمه‌تی گه‌ل و شۆڕش نابوو و له‌و ڕۆژه حاسته‌مانه‌دا که که‌ڵ به موو به‌ن بوو یار و یاوه‌ری بێ ناوونیشانی ئێمه بوون ...