پێوه‌ندی گرتن له گه‌ڵ ماسمێدیا

- ئێمه زانیارییمان له ئێوه ناوێ! جارێکی تر ته‌له‌فوون بۆ ئێره مه‌که! (ڕۆژنامه‌ی داگێنسنیهێتر، گه‌وره‌ترین ڕۆژنامه‌ی لیبراڵی به‌یانیانی سوید Dagens Nyheter )
- هه‌ر ده‌مێک پێش ئێستا، ده‌سته‌ی سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌که‌مان بڕیاریدا که هیچ چه‌شنه پشتگرییه‌ک له هه‌ڵمه‌ته تێرۆریستییه‌کان نه‌که‌ین. (ڕۆژنامه‌ی یۆتۆبۆری، Göteborgs Tidningen )
- ئه‌مه به‌ڕاستی جێگه‌ی خۆشحاڵییه که که‌سێک هه‌یه و ده‌توانێ شتێک بکا. وێنه‌تان لا هه‌یه؟ ئێمه تاکسییه‌ک ده‌نێرین. هه‌رزوو ته‌له‌فوونت بۆ ده‌که‌مه‌وه. (ڕۆژنامه‌ی یۆتۆبۆری پۆستێن Göteborgs Posten )
- له‌به‌ر ئه‌وه ئێوه نه‌تانهێشت، ئێمه له کاتی هه‌ڵمه‌ته‌که‌دا له‌گه‌ڵ بین و فیلم هه‌ڵبگرین، ئه‌وه بڕیارمان داوه هیچ شتێکتان لێ بڵاو نه‌که‌ینه‌وه. (ته‌له‌فزیۆنی کاناڵ Kanalen )
ئه‌مه ئه‌و دژکرده‌وانه بوون که به‌ره‌وڕووی ستێلان ڤینتهاگێن Stellan Vinthagens بوو له کاتی زانیاری دان به مێدیا له پێوه‌ندی له گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی پلاگبیلی له ئاڵمانی ڕۆژئاوا له ساڵی 1986دا. ئه‌زموونه‌کان له هه‌ڵمه‌ته‌کانی دیکه نیشان ده‌ده‌ن که هه‌مان مێدیا که بایکۆتی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ده‌کا دواتر ده‌توانێ خه‌باتی نافه‌رمانیی بۆ سه‌رنجڕاکێش بێ و وێنه‌یه‌کی ڕاستی لێ پیشان بدا. ئه‌گه‌ر هاتوو بایکۆته‌که هه‌ڵوێستێکی به‌زانابوون له لایه‌ن ڕۆژنامه‌یه‌که‌وه نه‌بوو، ئه‌وه شیانی هه‌یه بایکۆته‌که به شێوه‌یه‌کی کاتی پێوه‌ندی به‌و که‌سانه‌وه هه‌بێ که له به‌شی هه‌واڵ و ده‌نگووباسی ڕۆژنامه‌که‌دا کار ده‌که‌ن.
هه‌ڵکه‌وتووه که ڕێداکسیۆنی مێدیایه‌ک هه‌واڵێکی ڕاگرتووه‌و بڵاو نه‌کردۆته‌وه هه‌ر له به‌ر ئه‌وه گرووپگه‌لی دۆستان به پێی ئه‌و نه‌زمه هیرارشییه‌ی هه‌یه له‌و مێدیایه‌دا هه‌یه، پێوه‌ندی چێ نه‌کردووه. یانێ له باتی پێوه‌ندیگرتن به ڕێداکسیۆنی هه‌واڵ پێوه‌ندی به تاقه ڕۆژنامه‌ڤانێکه‌وه گیراوه‌و ئه‌مه‌ش له لایه‌ن ڕێداکسیۆنه‌وه وه‌ک فریودان و به‌لاڕێدابردن چاوی لێکراوه.
بێجگه له هۆکاره سیاسییه‌کان، ڕۆژنامه‌ڤانه‌کان هه‌ر که بۆیان ده‌رکه‌وت که تێکۆشه‌ران ته‌نیا له به‌ر له ماسمێدیا وه‌ده‌رکه‌وتن، هه‌ڵمه‌تی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌وه ڕووی خۆش نیشان ناده‌ن و له خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ده‌ڕه‌وێنه‌وه.
هه‌ر بۆیه زۆر گرینگه که نابێ قه‌د ڕێگه بدرێ خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی بکرێته هه‌ڵمه‌تی ماسمێدیایی. نافه‌رمانی ده‌بێ بتوانێ به‌دوور له چاوه‌دێری ماسمێدیاش به‌ڕێوه بچێ و درێژه‌ی هه‌بێ.
به‌ڵام هێندێک جار ڕۆژنامه‌ڤانه‌کان ده‌توانن هه‌ڵمه‌ته‌کان بکه‌نه هه‌ڵمه‌تی ماسمێدیایی یان هه‌واڵی سه‌یر و جێگای سه‌رنج. ئه‌مه‌ش ته‌نیا ڕووکه‌شێکی ڕوواڵه‌تی به هه‌واڵه‌که ده‌دا...
ماسمێدیا هه‌م ده‌توانێ هه‌ڵمه‌تێک ئه‌وه‌نده زل بکاته‌وه که ڕاستیی خۆی پێ له‌ده‌ست بدا یان ئه‌وه هه‌ڵمه‌ته‌که وه‌ک هه‌واڵێکی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش باس بکا و هه‌ڵمه‌ته‌که له نێورۆکه‌که‌ی به‌تاڵ بکا. له باتی ئه‌مه ئاوات ئه‌وه‌یه که له سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌کان به شێوه‌یه‌کی بێلایه‌نانه و دوور له زلکردنه‌وه بنووسرێ و بڵاو بکرێته‌وه. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه نه‌که‌وینه داوی ماسمێدیاوه، له‌و گرووپگه‌له دۆستانه‌ی که من تێیدا به‌شداریم کردووه پێش له هه‌موو شتێک به‌ر له هه‌ڵمه‌ته‌کان ده‌سته‌یه‌ک به‌رپرسایه‌تی پێوه‌ندیگرتنی به مێدیاوه خراوه‌ته ئه‌ستۆ. ئه‌وان پێوه‌ندییان له گه‌ڵ مێدیا چێ کردووه، داخۆیانیی چاپه‌مه‌نییان بڵاو کردۆته‌وه، وتاریان نووسیووه و له چاوپێکه‌وتنی مێدیاییدا به‌شداریان کردووه.
له قه‌راخ ده‌سته‌ی په‌رپرسایه‌تی مێدیایی ده‌کرێ چه‌ند که‌سێکیش دیاری بکرێن بۆ ئه‌وه به‌ڵگه له سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌که کۆ بکه‌نه‌وه، فیلم و وێنه له هه‌ڵمه‌ته‌که هه‌ڵبگرن. ...